بە داخەوە لە دونیای کێشمەکێشمی سیاسی و فیکری ئەمڕۆدا زۆر جار تێبینی ئەوە دەکەین کە ئیسلام بە شێوەکی زۆر ترسناک و توندتیژ بەرهەمێن وێنا کراوە بە جۆرێک گران یان تاراددەک ئەستەمە وێنە راستەقینەکەی بناسرێتەوە، جا چ بە ئەنقەست بێت یان بە بێ مەبەست، چ لەلایەنی گروپە توندڕوەکان بێت یان نەیارانی ئیسلام.
من بۆ خۆم زۆر وێکچوون دەبینم لە نێوان گروپە فەندەمێنتالیەکان و جەلاد و قاتیلەکانی مەعریفە، ئەو قاتیلانەی ئیش لە سەر سڕینەوەی ئیسلام دەکەن لە کوردستان. وەلێ بە هەردوو بەرەکەیەوە چ عەلمانی بن و چ فەندەمێنتاڵی پێمان دەڵێن ئیسلام ئایینی کوشت و کوشتارە و سڕینەوەی ئەوی ترە. واتە هەردووکیان تیرۆریستن دژی ئەو وەسطیەی ئیسلام کە خوای گەورە بۆمانی بەیان کردووە (وكذلك جعلناكم أمة وسطا لتكونوا شهداء على الناس...)
ڕۆشنبیری ئێستای کوردی کائینێکی زۆر بێ بەزەییە، هەلپەرستە، سیاسیە هەندێک جاریش خۆ فرۆشە و یاخود نووسەرێکی گوسەرە عبداللە پەشێو ووتەنی. رۆشنبیری کوردی زۆر جار کاری کردووە لەسەر سرینەوەی ئەوەکەی تر و وە بەهەموو شێوەک پەی پێ بردووە و برینداری کردووە کتێبی ئیمان و جەنگاوەرانی بەختیار علی بە نموونە کە ناوەڕۆکی ئەو کتێبە خۆی تەنها لە پەلاماردانی فاروق ڕەفیدا دەبینێتەوە هەندێک جار بە فاشیست و ووڕێنە چیەکەی "ئێواره ی په روانه" ناوی دەبات، یاخود ووتارەکانی ئەم دواییەی سیروان عەبدول لە کوردستان پۆست و بەختیار عەلی لە ئاوێنە تا کارگەیشتە ئەوەی ئیتر بایکۆتی سیروان بکرێت لە ئاوێنە، کە من بە راستی هەلوێستی ئەم دەزگایە بە جۆرێک لە تیرۆری فکری دەزانم. (١)
نامەوێ درێژ دادڕی بکەم، چونکە ئەمە تەنها چەند قسەیەکە نە ووتارێکی فکری راڤەیی و رەخنەیی.
من گومان ناکەم لەوەی ئەوکاتەی کە ئانارشیەت دەبێتە بەدیلی دیسپلین لە نووسین و فکردا ئیتر گوناهە هیچ باوەڕێک بەو نووسینانە بمێنیتەوە کە دژی ئیسلام دەنووسرێن، بێجگە لەوەی کە بە حقدەوە دەینووسن، نووسەری کوردی هێشتا فێری سایتەشن و سەرچاوە و بەلگە هێنانەوە نین بۆ ئە ووڕێنانەی کە وەکو فاکت پێمانیان دەفرۆشنەوە.
نووسەری کوردی بێجگە لەوەی ووڕێنە دەکات و جار جاریش بوهتان دەکات، کە من پێم وایە ئەمەش لە بەتاڵی هەگبەی مەعریفیەوە لە دەربارەی ئیسلام، هەندێ جاریش نازانن ئایەتەکانیش وەکو خۆی بخوێننەوە،
لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا یاساییەکی سەرەکی هەیە کە خوای پەروەدگار دەفەرموێ: (لا اکراه في الدین) البقرە ٢٥٥ واتە زۆرلێکردن بۆ باوەڕهێنان لە دینی ئیسلامەتیدا نیە
چونکە مەسەلەی باوەڕ پەیوەستە بە ویستی مرۆڤ کە کائینێکی خاوەن ئیرادەیە {فَمَنْ شَاءَ فَلْيُؤْمِنْ وَمَنْ شَاءَ فَلْيَكْفُرْ} [الكهف: 29] {أَفَأَنْتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ} [يونس: 99]
{لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُسَيْطِرٍ} [الغاشية: 22]، وقال: {فَإِنْ أَعْرَضُوا فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا إِنْ عَلَيْكَ إِلاَّ الْبَلاَغُ} [الشورى: 48].
هەموو ئەو ئایەتانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی باوەڕ هێنان پەیوەندی بە ناخی مرۆڤ و ویستی ئازادی مرۆڤەکانەوە هەیە, ڕێگەدانەدانی دەستووری ئیسلامیش بە زۆرلێکردن، مانای هەبوونی پانتایی ئازدی بیروڕا و فرە ئایینی دەگەیەنێت، (٢)
وە پێغەمبەری خوای دروودی خوای لێ بێت، رازی بوو بەوەی جوولەکەکانیش لەگەل موسڵمانەکانی بژین سەرەرای دینی جیاوازیان، هەروەها کاتێک گەڕایەوە مەککە قورەیشیەکانی اجبار نەکرد هەتاوەکو ببن بە موسڵمان بەلکو پێی فەرموون : اذْهَبُوا فَأَنْتُمُ الطُّلَقَاءُ...برۆن ئێوە ئازادن ،،،(٣)
خەلیفە عمر کوری خەتتاب ئەویش بە هەمان ڕێچکەدا رۆیشت، کاتێ کە (امان) دا بە دانیشتوانی قودس ووتی پێیان بدەن "امان على حياتهم وكنائسهم وصلبانهم، لا يُضَارُّ أحدٌ منهم ولا يرغم بسبب دينه" (٤)
ئەمن و ئاسایش بدەن پێیان لەسەر ژیان و کەنیسە و صەلیبەکانیان، وە کەسیان نابێ ئازاریان پێبگات و کەسیش نابێ تەنگی پێ هەڵبچنرێ و زۆرێ لێبکری بەهۆی دینەکەی
ئەمە لەکاتێکدا ئەم ووتانە لە دوای شەڕدا کراون،،،
سەرەرای ئەوانەش دینی ئیسلامەتی داوای کردووە بە باشترین شێوە وتوێژ و دایەلۆگی فکری و دینی بکرێ {ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْـحِكْمَةِ وَالْـمَوْعِظَةِ الْـحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ} [النحل: 125]
ئەگەر هاتوو لەو دایەلۆگەشدا نەگەیشتین بە ئەنجام ئەوە دەکرێ هەر کەسێ و پارێزگاری لە بیر باوەری خۆی بکات ،، {لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ} [الكافرون: 6] (٥)
سەرچاوەکان:-
* القران الکریم
١- کوردستان پۆست http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b53cf5dc
٢- بنۆڕە مەحمود حەمدي زقزوق: حقائق إسلامية في مواجهة حملات التشكيك لا ٣٣
٣- بنۆڕە ابن هشام: السيرة النبوية ٢/٤١١ ، وە الطبري: تاريخ الأمم والملوك ٢/٥٥ ، وەهەروەها ابن كثير: لە البداية والنهاية ٤/٣٠١
٤- بنۆڕە هەمان سەرچاوەی الطبري: تاريخ الأمم والملوك ٣/١٠٥
٥- بنۆڕە هەمان سەرچاوەی پێشووتر محمود حمدي زقزوق: حقائق إسلامية في مواجهة حملات التشكيك لا ٨٥، ٨٦
٤ی ئابی ٢٠١٣
No comments:
Post a Comment